پەروەردە

ئاینشتاین چی بۆ کردین

هێرمان مینکۆوسکی. مامۆستای ئاینشتاین لە زانکۆ:
”ئاینشتاین سەگێکی تەمەڵە و هیچی بەسەر ماتماتیکەوە نییە.”

”تێڕوانین لە فەزا و زەمەن، کە پێم خۆشە بیخەمە بەردەمتان…بنەڕەتین. ئیتر لە ئێستا بە دواوە، فەزا بە تەنها بۆ خۆی و زەمەنیش بە تەنها بۆ خۆی مەحکومن بە ئاوابوون بەرەو تارمایی رووت و تەنهاش بە یەکخستنی هەردوکیان پێکەوە لە بۆتەیەکدا وەک واقیعێکی سەربەخۆ دەمێننەوە.”
هێرمان مینکۆوسکی لە موحازەریەکدا لە 1908 دەربارەی تیوری تایبەتی نسبی ئاینشتاین و گۆڕینی دەستەواژەی فەزا و زەمەن بۆ فەزا-زەمەن.
ئاینشتاین بە مانای وشە رابەری هەرە گەورەی شۆڕشی کۆزمۆلۆجی سەدەی بیستەم و بابی فیزیکی هاوچەرخە، توانی دیدی بەشەرییەت لە هەمبەر گەشەکردن و بناوانی گەردون سەرتاپا بگۆرێت ئاینشتاین هەموو سیماکانی نمونەی بلیمەتی لەخۆدا بەرجەستە کردبوو، قژێکی بژی بارگاوی، پایپێک و سیپاڵێکی سادەی هەڕەمەکی و جگە لەوەی لە هەڵسوکەوتدا هەتا بڵێی مرۆڤێکی ساکار بوو، هەر لە منداڵێکەوە هەتا گەورەیەک و هەتا سەرۆکی وڵاتێک تامەزرۆی بینین و ئاخافتن بوون لەگەڵی. ئەمە جگە لەوەی کە بە مانای پڕاوپڕ فەیلەسوف بوو.
بابەتە هەرە سەرەکییەکانی ناوەندی فیزیکی ئەم سەردەمە بریتین لە تیوری گشتی و تایبەتی نسبی، چەمانەوەی فەزا -زەمەن، کوانتەم، شەپۆلەکانی کێشکردن[i] و بیگ -بانگ و جی.پی ئێس(ناڤ) و گەلێک بابەتی تر، هەموو ئەمانە ئەو چەمکانەن دەیان ناوەندی زانستی و ئەقڵی هەرە گەورەی زانایانیان سەرقاڵکردووە، بەڵام ئەمانە هەر هەموویان زادەی بیرکردنەوە و خەیاڵاتی ئاینشتاین و تیورییەکانی، بە تایبەتی تایبەتی و گشتی نسبییەت، بوون.
ئاینشتاین، هێشتا موزەفێکی بچکۆلەی ئۆفیسێکی سادە بوو، واتە نە کەسێکی بەناوبانگ و نە پسپۆڕێکی ئەکادیمی زانکۆ و نە هەڵگری بڕوانامەیەکی ئەوەی ئەمڕۆ خەڵکی پێی دەڵێت دکتۆرا بوو، لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا و لە زەرفی زەمەنی چەند مانگێکدا، لە ساڵی 1905 دا، چوار پەیپەری فیزیکی نوسی. ئەو پەیپەرانە ئەوەندە شۆڕشگێڕانە بوون کە هەر یەکەیان بۆ خۆی بە تەنها شایانی خەڵاتی نۆبڵ بوو، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە سەرەتا هیچ کەس باوەڕی بە ئایدیاکانی ئاینشتاین نەبوو. یەکێک لە پەیپەرەکان تیوری تایبەتی نسبیەت بوو.
بۆ تێگەیشتن لە ئاینشتاین پێویستە ئاوڕێک لە نیوتن، رابەری هەرە گەورە و داڕێژەری فیزیکی کلاسیک یان بڵێین میکانیکی کلاسیک، بدەینەوە و بزانین رۆڵی لە دونیای ئەو دیاردە سەیرەی پێی دەگوترێت کێشکردن چیبوو؟ نیوتن کە لە ساڵی 1642 لەدایکبووە، بە دوا زانای هەرە گەورە، یان ترۆپکی شۆڕشی زانستی هەژمارد دەکرێت. وەک دەڵێن کاتێک لە ساڵی 1665 دا، تاعون لە وڵاتی ئنگلیز بڵاوبووەوە، زانکۆی کامبریچ دەروازەکانی خوێندنی داخست و هەموو خوێندکارانی خۆی ناردەوە بۆ ماڵی خۆیان. بەمجۆرە، نیوتن ساڵی 1665 و 1666 لە گوندەکەی خۆیان، ووڵترۆپ، بەسەربرد، ئەم دوو ساڵە لە ژیانی نیوتندا بە ساڵانی موعجیزە دادەنڕێت، جونکە لەم دوو ساڵەدا توانی زۆربەی داهێنان و دۆزینەوە ماتماتیکی و فیزیکییەکانی خۆی ئەنجام بدات. ئا لەم دوو ساڵەدا بوو نیوتن ئایدیای شۆڕشگێرانەی هێزی کێشکردنی بۆ هات و یاسای گشتی دوجای پێچەوانەیی گەڵاڵەکرد. هەرچەندە نیوتن وەک عادەتی خۆی، بەرهەمەکانی بڵاونەدەکردەوە، بەڵام ئەم یاسایەی دوای بیست ساڵ لەسەر خواست و هاندانی هاوڕێ و فەلەکناسی ئنگلیز هەیڵڵی بەچاپ گەیاند. داستانەکە بەوجۆرەیە کە رۆژێکی هاوین نیوتن لە ژێر سێبەری دارسێوێک چایی دەخواتەوە، لە ناکاو سێوێک دەکەوێتە خوارەوە و ئیتر لەم ساتەوەختەدا نیوتن دەپرسێت بۆچی ئەم سێوە بەرەو ئاسمان نەچوو؟ هەرچەندە ئەم داستانە زیاتر لە حیکاتی فۆلکلۆری دەچێت وەک لە واقیعی، بەڵام لە یادمان نەچێت لە پشت هەموو داهێنان و دۆزینەوەیەکی شۆڕشگێڕانە داستانێکی خەیاڵبافی هەیە. داستانەکە بە هەر شێوەیەک بێت، نیوتن گەیشتە ئەو هەقیقەتەی هەر ئەو هێزەیە کاردەکاتە سەر مانگ و هەموو هەسارەیەکی تریش کە چۆن لە فەزادا بجوڵێن و چۆن بسوڕێنەوە.

هەروەها بخوێنەوەناساندنی سوڵتان سەلیمی یەک.
پێشوو
نه‌خۆشی نه‌بووه‌ هۆی ڕێگریی له‌ داهێنانه‌ گه‌وره‌كانی میكیل ‌نجیلۆ
داهاتوو
نامەی گالیلۆ بۆ کێپلەر