چیرۆكی جیهانی

نامەی گالیلۆ بۆ کێپلەر

” خۆم بە بەختەوەر دەزانم، کە لە گەڕان بە دوی ڕاستیدا هاوڕێیەکی وەک تۆم هەبێت، مایەی خەمێکی گەورەیە کە ژمارەیەکی وەها کەم لە خەڵک بە دوی هەقیقەتدا وێڵن. ئەمە جێگای ڵاڵانەوە نیە بۆ نەهامەتیەکانی ئەم زەمەنەمان، بەڵام پیرۆزباییت لێدەکەم سەبارەت بە کەشفکردنی هەقیقەتەکان بەو جوانیە”

هەرچەندە گالیلۆ وەک ماتماتیکناسێکی بێ وێنە و زانایەکی بێهاوتا ناوبانگی بڵاوبوبوەوە، بەڵام هەتا ساڵی 1595 هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نیە کە هیچ خولیایەکی تایبەتی چوبێتە سەر ئەسترۆنۆمی و ئاشنایەتی لەگەڵ سیستەمی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسیدا پەیداکردبێت، ئەو سیستەمەی کە سەرەنجام بوە هۆی دەستبەسەری ئەبەدی گالیلۆ لە لایەن کڵێسەوە. ڕۆژێک بە ڕێکەوت دەچێتە موحازەرەیەکەوە لەمەڕ تیۆری کۆپەرنیکۆسیەوە کە لە لایەن زانایەکی بیگانەوە پێشکەش دەکرا، لێرەدا زاناکە باس لەوە دەکات کە زةوىو هەمو هەسارەکانی تر بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە. سەرەتا گالیلۆ خۆی دورگرت لەم جۆرە موحازەرانە، چونکە لای وی شتێکی ناقۆڵایە کە دەڵێن عەرد بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. بەڵام لێرەدا پێویستە ئیشارە بەو هەقیقەتە بدەین کە گالیلۆ کەسایەتیەکی لە ئاسابەدەر فزوڵی بوە و خولیای ئەوە بوە بە قوڵایی پرسەکەدا بچێتەخوارێ. دوای تەواوبونی موحازەکە، گالیلۆ لەگەڵ گەلێک لەو کەسانەی لە موحازەرەکەدا ئامادەبون کەوتە ئاخاوتن و وتووێژ، زۆریان ڕایان وابو کە سەرباری گاڵتەیان بەم جۆرە تیۆرە بێ مانایانە دێت، بەلام دەشێت کە کۆپەرنیکۆس لەسەر هەق بێت و مۆدڵەکەی شتێکی ڕاست بێت.

لە لایەکی تریشەوە کاتێک گالیلۆ ویستی تەفسیرێکی میکانیکی بۆ دیاردەی هەڵکشان و داکشانی مانگ بنوسێت، سەیری کرد ئەم دیاردەیە پێویسی بە دو جۆرە جوڵەی بازنەیی زةوى هەیە، ئەو جوڵانەی کە کۆپەرنیکۆس باسی کردون. پێدەچێت ئەمە سەرەتای وەرچەرخانی بیرکردنەوەی گالیلۆ بێت سەبارەت بە ئەسترۆنۆمی نوێ کە لە ناوەندە فکریی و فەلسەفیەکاندا لە ئارادا بو. بەمجۆرە هێدی هێدی بەرەیەکی نوێ بۆ گالیلۆ هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە هەمبەر زانستی ئەرستۆیی و مۆدڵی پەتلیمۆسیدا بوەستێت، چونکە ئاشکرایە کە تەفسیری ئەرستۆیی سوڕانەوی عەرد بە تەواوی ڕەتدەکاتەوە.

لە وڵاتێکی وەک ئیتالیادا، کە کڵێسە هێشتا دەسەلاتێکی ڕەهای هەبو، ڕەتکردنەوەی ئەم چەمکە ئەرستۆییە، واتە بەرگریکردن لە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی هەروا کارێکی هاسان نەبو، چونکە مۆدڵی کۆسمۆلۆژی ئەرستۆیی و سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی، هەردوک پێکەوە وەها تێکەڵ بە ئایینی مەسیحی بوبون، بە جۆرێک کە ڕەتکردنەوەی هەر یەک لەمانە بریتی بو لە دژایەتی کردنی ئاینی پیرۆزی مەسیح و کفرکردن بە کتێبە ئاسمانیەکەی. بناوانی تێکەڵکردنی کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆ و سیستەمی چەقە – زةوى پەتلیمۆسی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی مەسیحی تۆماس ئەکوینەس.

گالیلۆ سەرنجیدا کە کەسانێک ئێستا هەواداری مۆدڵی کۆپەرنیکۆسین لە بناواندا ئیمانی تەواویان بە سیستەمی پەتلیمۆسی هەبوەولەم سیستەمەوەگۆڕاون و چونەتە سەر میتۆدی کۆپەرنیکۆسی، بەڵام هەرگیز کەس لە کۆپەرنیکۆسیەوە پێچی نەکردوەتەوە و ببێتە هەواداری مۆدڵی چەقە – زةوى پەتلیمۆسی. گالیلۆ سەبارەت بە قەناعەتی خۆی لە هەمبەر مۆدڵی کۆپەرنیکۆسی دەنوسێ و دەڵێت کە ” کەوتمە باوەڕکردن بەوەی کە هەر کەسێک ئەو بیروباوەڕە ڕەت بکاتەوە کە ژمارەیەکی ڕەها خەڵک ئامێزی بۆ کردوەتەوە، ئەوا گومانی تێدا نیە کە ئەو بیروباوەرەی لە لایەن کەمینەکەوە تەبەنناکراوە و هەمو قوتابخانەکان مەحکومیان کردوە، زۆریان لێنەکراوە، بەڵکو بە قەناعەتەوە و لە ئەنجامی مشتومڕێکی قایلکەرەوە بوە باوەشیان بۆ بیروڕاکە گرتوەتەوە.

إقرأ أيضا:چیرۆکی ڕاستەقینە
پێشوو
ئاینشتاین چی بۆ کردین
داهاتوو
”کچینە ژیانی ماری کیوری بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن کە خۆتان چەند بەهرەی نایاب و شاراوەتان هەیە