روشه‌نبیری

چێ گیڤارا ،ئەفسانەی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و سه‌ربه‌رزی


ئێرنستۆ ‘چێ’ گیڤارا شۆڕشگێڕ و پزیشک و نووسەر و گەریلا و شۆڕشگێڕ و مارکسی ئەرجەنتینی بوو. لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری رۆزارییۆی ئەرجەنتیندا لەدایکبوو و لە ١٩٦٧ لەسەر کێوەکانی ئانددا کوژرا. چێ لەپاڵ فیدێل كاسترۆ بەدووانە کەسایەتی سەرەکی شۆڕشی کوبا دەناسرێن، شێوازی دەرکەوتن و هەڵسووکەوتی بۆتە شێوازێکی باو لەنێوان یاخییەکان لە گشت جیهاندا.
بنەماڵەکەی چێ گیڤارا لە بنەڕەتی باسک و ئیرلاندی بوون و بیروڕایەکی چەپگەڕیان ھەبوو. گەرچی لە نەخۆشیی ھەناسەتەنگی ئازاری دەبرد، بەڵام توانی ببێتە وەرزشکار. لە ماڵیاندا ٣٠٠٠ پەرتووک ھەبووە کە بوون بە ھۆی ئەوه‌ ببێتە خوێنەرێکی بەجۆش و بەفڕ. لە ساڵی ١٩٥٣دا لە زانکۆی بۆنۆس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتیندا پزیشکیی خۆی تەواو کرد. لەکاتێکدا ھێشتا خوێندکار بوو لەگەڵ ھاوڕێکەی ئالبەرتۆ گرانادۆ دەستیان بە رێوینگیکی لە ئامەریکای باشوور کرد.
بیرەوەرییەکانی ئەو ڕێوینگییە وەکوو رۆژنووسەکانی مۆتۆرسیکلە نووسراوە. پاشان، دەچێتە مەکسیک و لەگەڵ فیدەل کاسترۆ ئاشنا دەبێت و لەگەڵ ئەودا دەست بە شۆڕشێک دەکات لە دژی ڕێبەری و دەسەڵاتداری دیکتاتۆری کووبا باتیستا بە ئامانجی ڕزگاری ، بە ساڵان لە شاخ و کێوەکان و شەخەڵ و جەنگەڵەکاندا تێکۆشینی پێشمەرگایەتییان ھەبوو تاکوو کووبایان لە دەستی دیکتاتۆری رەسکاند. دوای ئەم سەرکەوتنەی چێ وەکوو وەزیری سنعەتەکان لە کووبا ھەلبژێردرا، بەڵام پەسەندی نەکرد و بۆ درێژە دانەوە بە ئامانجەکانی ڕێگای بۆلیڤییای گرت تاکووگەلێکی دیکەی ئەمەریکای لاتین لە بندەستی دەستمایەداری (ئیمپەریالیزم) ڕزگار بکا.
لە بۆلیڤییا دا ھێزەکانی Barrientos لە شەونخوێنێک دا لە نزیکی Higueras چێ دەگرن. دوای ئەوە بە برینێک لە پێیدا لە بەندیخانەی شاری Higueras دا بەندی دەکەن. چێ لەبەر ھیچ کەسێک سەری نەچەماند. دوایین وتەکانی چێ زۆر بە مانا و گرنگن “مردن بە سەر پێوە لە ژیان بە سەر گۆچان زۆر چاکترە “
لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧، کاتژمێر ١٣:١٠ خولەک بە فەرمانی دەوڵەتی یەکگرتووی ئەمەریکا و سەرڤیسی ئاساییشەکەی و بە ئەرێنیتی سەرۆک کۆماری ئەو سەردەمەی بۆلیڤییا، René Barrientos، بە دەستی Mario Terán بە نۆ فیشەک کوژرا.
بە دوای لەگییانکردنی چێ رێبەرایەتی بۆلیڤییا لە بڕیارەکەی پاشگەز و پەشیمان دەبێتەوە، چونکە بەم کارە چێ، ئیدی بوو بە ئەفسانەی شۆرشگێڕی و ئازادیخوازی. دوژمنەکانی وا ڕامان دەکەن کە ئەگەر زیندوو بمایە، بیروڕا و ناوی ئەوەندە لە جیھاندا بڵاو نەدەبووەوە.
Juius Lesterلە بارەی مەرگی چێ وا دەڵێ: “مەرگی چێ، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤێکی وەک چێ ژییاوە. بۆ لە ناو بردنی چێ، ئێوە دەبێ ھەموو خەڵکی جیھان لە ناو ببەن، ئەوەش کە ناکرێ”
شۆرشگێری ناوداری کورد، ئاپۆ، لە وتارێک دا دەڵێ: “ھەتا مرۆڤایەتی بەرەو گەیشتن درێژە دەکا و بەردەوامە، ناو و ڕێگای چێش بەردەوامە و درێژە دەکا”.
لە دیمەنی چێ ژیار و ژیانی مرۆڤان ، دەبێت ھەر ئامێتەی تێکۆشین بێ. چێ بە ئایینی شۆڕشگێڕی دەژیا و دەیویست ھەرچی مرۆڤە بەم جۆرە بژین. ئەو دەیوت “ڕاستەقینەیی و ھەقیقەت لە ھەر کوێ دابێ مرۆڤیش دەبێ لەوێدا بێ”
پێشوو
لیۆناردۆ دافینچی تابلۆی مۆنالیز
داهاتوو
چین…لەگەڵ کۆرۆنا ئەنفلۆنزای باڵندەش بڵاودەبێتەوە