داهێنانه‌كان

ئه‌ندازیاری به‌ناوبانگ زوها حه‌دید بناسه‌

كه‌ باسی باڵه‌خانه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی جیهان بكرێت، ناوی زوها حه‌دید ئاماده‌یه‌، زوها حه‌دید به‌ ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی دیزایینه‌ سه‌رنج راكێشه‌كان ناسراوه‌، ئه‌و كچی كه‌سایه‌تیه‌كی دیاریكی عێراقی بووه‌، ئه‌و ئافره‌ته‌ ره‌گه‌ز عێراقیه‌ و خه‌ڵكی شاری موسڵه‌.
زوها حه‌دید له‌ دایكبووی ساڵی 1950، كچی محه‌مه‌د حه‌دیده‌، ده‌رباره‌ی حه‌زی خۆی بۆ ئه‌ندازیاری له‌ دیدارێك ده‌ڵێت: گه‌شتی منداڵیم بۆ شاره‌كانی سۆمه‌ری له‌ باشوری عێراق بیرۆكەی گرنگیدانی به‌ ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی لا دروستكردم، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ساڵانی حه‌فتاكان له‌ قوتابخانه‌كانی ئینگلته‌ڕا و سویسرا ئاماده‌ بووه‌.
زوها زۆر جار هاوڕێیه‌تی باوكی كردووه‌، له‌ نزیكه‌وه‌ ته‌لارسازه‌كانی بینیوه‌، ئه‌وه‌ش بوویته‌ هۆی به‌هێزتربوونی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌لارسازی، له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی باوكی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات بۆ پێشه‌نگای ته‌لارسازی به‌ ناوبانگی ئه‌مریكی “فرانك لوید رایت” خێزانه‌كه‌ی رۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌وه‌ی زه‌ها حه‌دید خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی حه‌زی بوون به‌ ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی له‌ ته‌مه‌نی یازده‌ ساڵی ده‌ركه‌وتووه‌، خێزانه‌كه‌ی زۆر هانده‌ری بووینه‌ له‌ گرنگی دانی به‌ ئه‌ندزیاری ته‌لارسازی، به‌ تایبه‌ت باوكی زۆربه‌ی ته‌لارسازه‌كانی ناسیوه‌.
زوها حه‌ید دوای ته‌واوكردنی ئاماده‌یی له‌ قوتابخانه‌ی “راهبات المتقده‌” داواكاری پێشكه‌شی خوێندنی ته‌لارسازی ده‌كات له‌ به‌شی ئه‌ندازیاری له‌ زانكۆی به‌غدا، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی نمره‌ی پێویست به‌ هۆی بوونی هه‌لی دیاریكراو زانكۆ ناتوانێ قبوڵی بكات، چونكه‌ نمره‌ی به‌رزتر هه‌بوو له‌ نمره‌ی زوها حه‌دید، ده‌بوو چاوه‌ڕوان بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پاشه‌كشه‌ بكات، به‌ڵام كه‌س پاشه‌كشه‌ ناكات له‌ به‌شی ته‌لارسازی، ئه‌وه‌بوو چووه‌ به‌شی بیركاری زانكۆی ئه‌مریكی له‌ به‌یرووت، ساڵی1968 زانكۆی ته‌واوكرد، به‌ڵام ئه‌و هێشتا بیری له‌ به‌شی ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی بوو، دوای ته‌واوكردنی زانكۆ ده‌چێته‌ له‌نده‌ن ساڵی 1972 ده‌چێته‌ به‌شی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌لارسازی، له‌وێ هه‌نده‌سه‌ی ته‌لارسازی له‌ قوتابخانه‌ی ته‌لارسازی سه‌ربه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ته‌واو ده‌كات تا ساڵی 1977 له‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ به‌هۆی ئاژاوه‌ و بێسه‌ر و به‌ری ده‌رسه‌كانیان زۆر بێ به‌رنامه‌بوو، ته‌نانه‌ت وانه‌ی دروستكردنی رێگه‌شیان نه‌خوێندبوو، زوها له‌و كۆمه‌ڵه‌ قوتابیانه‌ی قوتابخانه‌ی ته‌لارسازی بوو، داوای چاكردنی پرۆگرامی خوێندنی ئه‌و قوتابخانه‌یان ده‌كرد.
زوها كاریگه‌ر بوو به‌ بیری مامۆستا به‌ناوبانگه‌كانی كه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستیان وانه‌ی خوێند بوو، له‌ نێو مامۆستاكانی ریم كۆلهاسی هۆڵندی، كه‌ زوها به‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تایبه‌ت وه‌سفی ده‌كرد.
زوها كاریگه‌ر بوو به‌ بزوتنه‌وه‌ی سوپه‌رماتی، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی هونه‌ری رووسی بوو، زوها له‌ به‌هۆی خوێندنی بیركاری له‌ به‌یروت توانی پێوه‌ندی دروست بكات له‌ نێوان لۆژیكی بیركاری و پێوه‌ندی به‌ فۆڕمه‌كان و هونه‌ری ته‌لارسازی نوێ، گرنگیدانی به‌ تابلۆكانی به‌ كازیمیری مالفیتشی رووسی هاوكاری زۆری بوو له‌ گفتوگۆكردنی ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی باڵه‌خانه‌كان، به‌هۆی هێزی لۆژیكی زانستی ده‌یتوانی ئه‌وانه‌ی تر ناچاربكات بۆچوونه‌ بوێره‌كانی قبوڵبكه‌ن.
ئه‌و كاریگه‌ریه‌ به‌ روونی دیاربوو له‌ سه‌ر بیری زوها حه‌ید، پرۆژه‌ی ده‌رچوون تایبه‌تی ساڵی 1977 هه‌ڵسا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ كاره‌كانی مالیفتش، پاشان دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ی به‌ فۆڕمێكی نوێ.
زوها دوای ده‌رچوونی زنجیره‌یه‌ك كاری زۆر قوڕسی كرد، به‌ رۆژ وانه‌ی ده‌گوته‌وه‌، به‌ شه‌و سه‌رقاڵی كاركردن بوو، دوای ئه‌وه‌ی بوو به‌ هاووڵاتی به‌ریتانی، نووسینگه‌ی تاییبه‌ت به‌خۆی كرده‌وه‌ له‌ ساڵی 1980 له‌ كلیركینویل له‌ رۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن، دوای ساڵێك له‌ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی تایبه‌ت، سه‌ردانی چه‌ند شارێكی چینی كرد له‌وێ هونه‌ری ته‌لارسازی كلاسیك و هونه‌ر فێربوو.
كاره‌ گرانه‌كانی له‌ ساڵی 1982 ده‌ستی پێكرد، وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌كانی ته‌لارسازی ده‌ركه‌وت، كاتێك له‌ پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیزاینی “نادی الژروه‌” له‌ هۆنگ كۆنگ له‌ ساڵی 1983 ئه‌نجام درا، 538 ئه‌ندازیاری به‌نگاوبانگی جیهانی به‌شداربوون، توانی خه‌ڵاته‌كه‌ بباته‌وه‌ كه‌ ئه‌ندازه‌كه‌ی سه‌د هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی بوو.

زوها حه‌دید دژایه‌تی زۆركراوه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی تره‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كاتێك ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی رۆژهه‌ڵاتی له‌ وڵاتانی تر كاره‌كانی بووته‌ جێی سه‌رنج، به‌تایبه‌ت له‌ پرۆژه‌ی”داراڵ‌وبرا” له‌ دوورگه‌ی كاردیف، حوكمه‌تی ناوچه‌یی ئه‌و شوێنه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، زوها ده‌ڵێت: زۆر به‌خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین، له‌ راستی دا ئێمه‌ نه‌مان ده‌زانی ئه‌وان چیان له‌ ئێمه‌ ده‌وێت.
زوها حه‌دید چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی وه‌رگرتووه‌، ساڵی 2010 به‌ یه‌كێك له‌ چوار ئافره‌ته‌ ناوداره‌كانی جیهان دیاریكرا، له‌ نێوان سه‌د كه‌سایه‌تیه‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی جیهان بوو، به‌ گوێره‌ی دیاریكردانی گۆڤاری تایمزی به‌ریتانی.
زوها حه‌دید له‌ 7ی نیسانی 2016 كۆچی دوایی كرد، له‌ له‌نده‌ن به‌خاك سپێردرا.
دیزاینه‌كانی زوها له‌ به‌ناوبانگترین دیزاینه‌كانی جیهانن، چه‌ندین دیزاینی سه‌رنج راكێشی هه‌یه‌. شاره‌زایانی بواری ئه‌ندازیاری رێچكه‌ی زوها حه‌ید به‌ رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی ته‌لارسازی داده‌نێنن.
پێشوو
به‌م ڕێگایانانه‌ پاتری لاپتۆپەکەت بپارێزه‌
داهاتوو
مێژوی ژیانی زێوەری شاعیر